- کچی ئازیزم! تۆ هاوسەرگیریت کردبێ یان نه‌تکردبێ، نابێ که‌س زیان به پاکی و ناوبانگی تۆ بگەیەنێت، چونکە ئەوە سەرمایەی تۆیە لەناو خەڵکدا، هەروەها هۆکارێکە بۆ ژیانێکی خۆش.

- کچی ئازیزم! قەناعەتت پێ نەهێنن كه نرخ و پایەی تۆ تەنیا لە جوانی دەموچاو و جەستە و جلوبەرگ و خشڵەکەت دایە، بۆ ئەوەی کات و پارەکانت بۆ جوانکاری و شوێنکه‌وتنی ڕەوتە مۆدێلەکان خەرج بکەی.

-  کچی ئازیزم! لەبیرت نەچێ جوانی ژن لە ئایین و پاکی و ڕەوشت و مەزاج و کەسایەتییه‌كه‌ی دایە، جوانی شێوە و ڕوخسار به‌شێكه لە جۆرەکانی جوانی نەک هەمووی.

- كچی ئازیزم! نه‌که‌ی هاوسه‌رێك هەڵبژێریت بۆ پارەکەی، یان جوانی و خۆشەویستییەکەی، بێ گوێدان به سیفەتەکانی ئیمانی و ڕەوشتیی.

- کچی ئازیزم! لەگەڵ هەموو کێشەیەکدا به‌په‌له داوای ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه نه‌كه‌ی. کێشەکان به‌شێکن لە سروشتی ژیان و بە تێگەیشتن و هاوڕێیەتی و خۆشەویستی دەکرێ چاره‌سه‌ر بكرێن، تەڵاق تەنیا بۆ کێشەی زۆر گەورەیە كه هیچ چاره‌ی دی نه‌مێنیت.

- کچی ئازیزم! لە بیر و هزری بەرنامەکانی سەتەلایت و ماڵپه‌ڕ و  تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە هاوسەرگیری بە سنوور وێنا ده‌كه‌ن و پیاو وەک دەسەڵاتخواز و یاساکان، ستەمکارانه و حوکمە شه‌رعییه‌کان به کۆن ده‌رده‌خه‌ن، خۆ بپارێزه‌.

- کچی ئازیزم! نەکەویە ناو تەڵەی ناوبانگ و خۆده‌رخستنەوە و ئەگەر پێویستیش بکا له‌ناو كۆمه‌ڵگادا ده‌ركه‌وی، ده‌بێ بەوپه‌ڕی ڕەوشت و ئه‌ده‌ب و حه‌یاوه‌ دەربکەوی.

- کچی ئازیزم! چیرۆکەکانی خیانەت و ئەزموونی ژنانی لار و وێر کە لە میدیاکاندا دەردەکەون، مه‌كه‌ به‌ سه‌رمه‌شقی هه‌ڵسوكه‌وتی خۆت، تۆ خاوەنی ڕه‌وشتی باش و بنچینەیەکی جوانی و خودا تۆی به‌دوور گرتووه لەوەیکە ئەوانی تر پێی گیرۆده بوون. 

- کچی ئازیزم! ئاگادار به لە فریودانی گەنجان و بەڵێنە شیرینەکانیان و دیارییە مینڕێژکراوەکان و پەیوەندییە گوماناوییەکانیان. زۆربەی کات جەستەی تۆیان ده‌وێ نە ڕۆحی تۆ، ئه‌ندامه دڵڕفێنەکه‌تیان ده‌وێ نە کەسایەتیی تۆ، تۆیان وه‌ک ده‌سگیران ده‌وێ نه‌ك هاوسه‌ر، تەنانەت ئەگەر بە سوێندی درۆ و خۆنواندن و  تەڵەکەبازیشه‌وه‌ بیانهه‌وێ دڵت به‌ده‌ست بێنن. ئەگەر  ڕاست ده‌که‌ن با بێن له ده‌رگای ماڵ بده‌ن و خوازبێنیت لێ ‌بکه‌ن، نه‌ك ئا به‌م شێوه‌، كه لەکۆتاییدا بێجگه له ناوبانگی خراپ و له‌ده‌ستدانی خوازبێنییه‌کانی دیکه، ده‌سکه‌وتێکی دیکه‌ت نابێت.

- کچی ئازیزم! لە تەلەفۆنەکەتدا وێنەیەکی نەشیاو نه‌گری، چونکە لەوانەیە هاک بکرێت، ون بێت یان بدزرێت، هەرچۆنێک بێت پێویستە حوجب و حه‌يات بپارێزی.

- کچی ئازیزم! نه‌كه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ت لەگەڵ ئەوەی لە خەڵکه‌وه‌ دەیبینیت و دەیبیستیت به‌راورد بكه‌ی، زۆربەی خەڵک وێنەیەکی باش له‌خۆیان دەردەخەن و خراپەیان دەشارنەوە. کەم وکوڕی هاوسه‌ره‌كه‌ت بەراورد مەکە بە بەرژەوەندی هاوسه‌رانی ژنانی تر، هەموو هاوسه‌رێك کەموکوڕی و بەرژەوەندی و چاكه‌ی خۆی هەیە.

- کچی ئازیزم! ئاگادار به‌ لە گومانی ئەوانەی که ده‌ڵێن حیجاب نەریتە و حوکمێکی ئایینی نییە، ئەو خەڵکە دەیانەوێ ئه‌وه‌نده‌ی بكرێ جل و بەرگه‌کانت دانێی، نەک هەر سه‌رپۆشه‌که‌ت.

- کچی ئازیزم! واتێنه‌گه‌ی کە پارێزگاری و چاودێری، جۆرێکە لە دەسەڵاتخوازی؛ بەڵکوو پاراستن و گرنگیدانه له لایه‌ن هاوسه‌ر و سه‌رپه‌رشته‌وه. ئەگەر دەسەڵاتخواز و ستەمکاریش بێت، ئه‌وه‌ کێشەکە لای ئەوە، نەک لە یاسای چاودێری و سه‌رپه‌رشتیدا.

- کچی ئازیزم! تۆ بە بیر و هزری سەربەخۆیی ڕەها فریو نه‌ده‌ن و وا بیر نه‌که‌یه‌وه کە تەنیا پارە لە دوژمنانی ڕۆژگار دەتپارێزێت، نەک دایک و باوک و مێرد و منداڵ.

- کچی ئازیزم! بە ئه‌زموونی شکستخواردووی ئەو کچ و ژنانە فریو نه‌درێی کە لەوانەیە هۆشیارییان نەبووبێ و به‌هیچ شێوەیەک ڕاوێژیان بە کەس نه‌کردبێ و ڕواڵەت و فۆڕم، فریوی دابن و ئەزموونەکانیان هی خۆیان بێ، به‌هیچ جۆرێک په‌یوه‌ندی به تۆوه نیه.

- کچی ئازیزم! نه‌بیه نێچیری ئه‌و بانگه‌وازانه‌ی بانگت دەکه‌ن بۆ ئەوەی ڕازی بیت بە هەبوونی یەک یان دوو منداڵ، چونکە منداڵی زۆر بەرەکەت و ڕسق و نیعمه‌ت و دڵنەواییە، مه‌گه‌ر هۆكارێكی ناچارکەر بێته پێش، یا تووشی هۆکارێکی به‌تین و ته‌وژم و ماندووبوونێکی دوور له تواناییت بی.

- کچی ئازیزم! لە کار و پیشه‌تدا ئه‌وه‌نده نقوم نه‌بی که ماڵ و هاوسه‌ر و مناڵه‌كانت فەرامۆش بکەیت، چونکە کار مافی خۆتە، بەڵام نەک لەسەر حسابی بەرپرسیارێتییەکانی تر.

- کچی ئازیزم! گوشار نه‌خه‌یه‌ سەر هاوسه‌رەکەت بۆ ئەوەی بە پارەیەکی زیاتر بێته‌وه و به‌و شێوه‌ تۆ و مناڵه‌كانت تووشی حه‌رامخۆری بن، چونکە ئەمە دنیا و قیامەتت وێران ده‌کا و دڵنیا بە لەوەیکە خوا ڕسق و ڕۆژی ئێوه‌ی دابەش کردووە و بژیوێکی فراوان و باشت بۆ دێت.

- کچی ئازیزم! خوازبێنییه‌که‌ره باشەکان بە بیانووی خوێندن ڕه‌ت نه‌که‌یه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانی هەوڵ بدە له نێوان درێژه‌دان به خوێندن و ژیانی هاوبه‌ش، هاوسه‌نگی پێك بێنی، چونکه هاوسه‌رێکی باش هەموو کات و سات له ده‌رگات نادات.

- كچی ئازیزم! وا بیر نه‌کەیەوە کە تەنیا تۆ له‌سه‌ر هێندێک له مەزاجەکانی هاوسه‌رەکەت خۆڕاگری ده‌که‌ی، چونکە ئەویش زۆر جار له‌سه‌ر هەندێ لە خوو و ڕه‌وشته‌كانت خۆڕاگری كردووە، جا به‌و شته‌ت زانیبێ یا نه‌.

- کچی ئازیزم! نه‌که‌ی کاته‌کانت لە ماڵپه‌ڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەفیڕۆ بدەی و ژیانت بەبێ ئامانج و پەیامێک به‌سه‌ر به‌ری، بێ دەستکەوتێکی ئایینی یان دنیایی. ده‌بێ ئاگادار بی که دزه‌کانی ته‌مه‌ن و کاته‌کانت، لێت له که‌مین دان.

- کچی ئازیزم! لە کاری هونه‌ری بێ‌بایه‌خ و میدیای درۆزن خۆت بپارێزه و بزانە چییان سوودمه‌نده‌، ئه‌ویان هه‌ڵبژێره، چونکە زۆر شتی باش هه‌یه ئەگەر بەدوایدا بگەڕێیت.

-کچی ئازیزم! ئاگات لە دایک و باوکت و بنەماڵەکه‌ت بێ، بنه‌ماڵه‌که‌ت هه‌رچییه‌ک بن، هه‌ر ده‌ستکه‌وتێکت بووبێ، دوای لوتفی خودا قه‌رزداری ڕەنج و ماندووبوونی ئه‌وانی.